Skip to the content

بە پاڵپشتی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی سیهام باری پرۆژەی (KORES) بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی زنجیرەی بەهای زەیتی زەیتوون دەستی پێکرد

دوابەدوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لەگەڵ پەیمانگەی نێودەوڵەتیی (سیهام باری) لە وڵاتی ئیتاڵیا، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەی (KORES)، بۆ گەشەپێدانی ناوچە گوندنیشینەکانی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی بەردەوامی زنجیرەی بەهای زەیتوون و زەیتی زەیتوون دەستیپێکرد.
ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی تەمموزی ٢٠٢٥، لە دیوانی وەزارەت بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ بەشداری لە زنجیرەی چالاکی و دەستپێکی وۆرکشۆپە هاوبەشەکانیان کرد؛ بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، بەڕێوەبەران، خاوەنکاران و بەشێک لە جوتیارانی پەیوەندیدار؛ وەزیری کشتوکاڵ جەختیکردەوە لەسەر هەماهەنگی و پاڵپشتیی تەواوی وەزارەت و تاوتوێکردنی ئامانجەکانی پرۆژەی (KORSE)، بۆ مەبەستی پێشخستن و بەرهەمهێنانی زەیتوون و زەیتی زەیتوون، هەروەها بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتوویی باخداری، لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی تواناکانی فەرمانبەران و جوتیاران و خاوەنکارانی بواری زەیتوون.
ئەم پرۆژەیە ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی دارایی و تەکنیکی و ڕاوێژکاری، لە لایەن پەیمانگەی نێودەوڵەتیی (سیهام باری) لە وڵاتی ئیتاڵیاوە دەکرێت. دوابەدوای ئەنجامدانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی کشتوکاڵی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتاڵیا و پێشکەشکردنی پرۆژە و داواکارییەکانی وەزارەت، بۆ مەبەستی سەوزکردنی ژینگەی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و بایەخدانی زیاتر بە ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدانی زنجیرەی بەهای زەیتوون لە هەرێمی کوردستان.
جێگەی ئاماژەیە کە بەتەواوبوونی سەرجەم قۆناغەکانی ئەم پرۆژەیە لە ماوەی ساڵێکدا، هەرێمی کوردستان لە بواری بەرهەمهێنانی زەیتوون و زەیتی زەیتوون، بە پیشەسازی و بە بڕاند کردن، بازاڕسازی و بەرزکردنەوەی کوالێتی تەرزەکانی زەیتوون و ئاشناکردنی جوتیارانی خاوەن باخەکانی زەیتوون، هەنگاو دەنێت بۆ وەچەرخانێکی زێڕین و مێژوویی، کە لە داهاتوو خۆی دەبینێتەوە لە بە کەلتوورکردنی چاندن و بەرهەمهێنانی زەیتوون بەشێوەیەکی ستراتیژی و بەرفراوان.