Skip to the content

بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژیی بواری کشتوکاڵی (جین بانک ) لە سلێمانی دانرا

لەشاری سلێمانی بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پارێزگاری سلێمانی، د.صلاح ئەلحاج حەسەن، نوێنەری گشتیی ڕێکخراوی فاو لە عێراق، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی و ئیداری و ستافێکی باڵای وەزارەت، لەسەر ڕووبەری ١٠٠دۆنم زەوی، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی دامەزراندنی یەکەم بانکی جینی ڕووەکی، لە سلێمانی دانرا.
جین بانک، ناوەندێکی زانستیی گەورەی کۆکردنەوەی بنەتۆ و جۆراوجۆری ئەو ڕووەکانەیە، کە لەسەر ئاستی عێراقدا بوونیان هەیە؛ بەمەبەستی پاراستنی ڕەسەنایەتیی ئەو ڕووەکانە و پەرەپێدان و توێژینەوەی زانستی و بەیەکەوە بەستنی نێوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان لەگەڵ پسپۆرانی ئەو بوارە لەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
هۆکاری بونیادنانی ئەم پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان، بریتیە لەوەی لە سەدا ٧٥ی جۆراوجۆری ڕووەکەکان لەسەر ئاستی عێراق لە هەرێمی کوردستانە؛ کە ١٥٠جۆری جیاوازی ڕووەکی خۆرسکی خۆماڵیی کوردی، کە وێنەی نییە لەسەر ئاستی جیهان لە هەرێمی کوردستانن. بۆ مەبەستی پەرەپێدان و پاراستنی مۆرک و ڕەسەنایەتییان لە ناو ئەو جین بانکەدا دادەنرێن و دەپارێزرێن.
وە لەهەمانکاتیشدا دەبێتە ناوەندێکی گرنگی زانستی و ئەکادیمی، بۆ ئەو کەسانەی کە خواستی بینینی ئاست و پێکهاتەکانی ئەو دامەزراوەیان هەیە.
جێگەی ئاماژەیە کە لە دوای ساڵی ١٩٧٧ ئەم بانکە دووەمین و گەورەترین پڕۆژەی ستراتیژیی گرنگە، کە لەسەر ئاستی عێراق لە پارێزگای سلێمانی بونیاد دەنرێت. بە پاڵپشتیی دارایی و تەکنیکیی ڕێکخراوی فاو و یەکێتیی ئەوروپا، لەژێر چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، بەهەماهەنگی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.