وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە تیمێکی دامەزراوەی ناحکومیی "VIM" کرد

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری بەشی سامانی ماسی و ستافی نووسینگەی وەزیر، پێشوازی لە تیمێکی دامەزراوەی ناحکومیی VIM کرد.
دوابەدوای تاووتوێکردنی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا؛ لە دەستپێشخەریەکدا، دامەزراوەی ناحکومیی VIM، بەئامانجی پێشخستنی سامانی ئاوی و ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دانانی پەنجەماسی، لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکاری و هەماهەنگیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەن.
ستافی دامەزراوەکە ئامادەیی خۆیان نیشاندا؛ بە چاکسازی و پاکردنەوەی بەنداوەکان و بەشداریکردن لە پرۆژەی سەوزکردنی ژینگەی کوردستان، بایەخدانی زیاتر بەڕەخساندنی ڕاهێنان و شیاندنی تواناکانی دەرچووان، خانمان و جوتیاران، لە چوارچێوەی پرۆژەکانی چاندن و دامەزراندنی خانووی پلاستیکی و سیستەمی هایدرۆپۆنیکی، کە دواجار دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئەنجامدانی توێژینەوەکان و پێشخستنی کەرتی باخداری بەگشتی.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وێرای دەستخۆشی و پێزانینی وەزارەت بۆ هەوڵە گرنگەکانی دامەزراوەی ناحکومیی VIM، پاڵپشتی و ئامادەیی تەواوی فەرمانگەکانی وەزارەتی نیشاندا؛ بەمەبەستی هاوبەشی و کارئاسانی بۆ ئەو پرۆژە و چالاکییانەی کە پەیوەستە بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان.