Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی تایبەت بە یەکخستنی نووسراوی پشتگیری بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جوتیاران بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەڕێوە چوو

لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە سەرپەشتیی رزگار حمد خدر، ڕاوێژکاری وەزارەت، د.زێدا محمد کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی و لێپرسراوی هۆبەی عەلوەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەکە تایبەتبوو بە گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی هەنگاوەکانی ڕەخساندنی دەرفەتی بەبازاڕکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان. بە تایبەت ئامادەکردنی بابەتی نووسراوی پشتگیریی یەکخراو لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، تایبەت بە بەبازاڕکردن و پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق؛ ئەمەش لەسەر داواکاری و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی تیمی تەکنیکیی وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دێت.
دوابەدوای کۆبوونەوەی پاڵپشتیی جوتیارانی هەرێم و گەیاندنی کێشەکانیان لەپێناو پارێزگاریکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی جوتیاران و ڕێگریکردن لە بەرهەمی ناوخۆ لەگەڵ بەرهەمی تری هاوردەکراو.
دوای خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەکان و دەستنیشانکردنی کێشەکان، بڕیار درا بە یەکخستنی فۆڕم و شێوازی پشتگیرییەکان و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان؛ لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئەو شوێنانەی کە بەرهەمەکانیان هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکەن؛ بۆ دڵنیابوون لە جۆر و بڕ و کوالێتی بەرهەمەکان. هەروەها لە ڕێگەی لێپسراوی هۆبەی چاودێریی عەلوەکانەوە، بەهەمان شێوە بڕیار درا ئەو بابەتە ڕێکبخرێتەوە بۆ کارئاسانی و بەبازاڕکردنی زۆرترین بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆری و جموجۆڵی بازرگانی و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی فیدراڵ.