وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە کۆنسوڵی نوێی شانشینی ئەردەن لە هەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی یەکشەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٦، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری وەزارەت، پێشوازی لە زیاد عیسا سولەیمان کۆنسوڵی نوێی شانشینی ئەردەن لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا بێگەرد تاڵەبانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کۆنسوڵی نوێی شانشینی ئەردەن لە هەرێمی کوردستان کرد؛ هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی و دڕێژەدان بە پەیوەندیی هاوبەش و گرنگی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەردەن خواست؛ بەمەبەستی زیاتر پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی، ئاودێری، ئاڵوگۆری ئەزموون و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان، سەرمایەگوزاری و پیشەسازی کشتوکاڵی، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی ئەردەن.