Skip to the content

پارێزگاری شاری بەسرە پێشوازی لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد

 ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی شوباتی ٢٠٢٦، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە دیوانی پارێزگای بەسرە ،لەلایەن ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری شارەکە پێشوازی لێکرا.

 لە دیدارەکەدا، تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، جەختی لەسەر پاڵپشتیی ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای بەسرە کردەوە؛ بەتایبەتی لابردنی ئەو بەربەست و ڕۆتینانەی دێنە بەردەم جموجۆڵ و گواستنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی تری عێراق.

 دوابەدوای خستەڕووی سەرنج و پێشنیارە هاوبەشەکانیان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر فراوانکردنی ئاستی هەماهەنگییەکانی نێوانیان، بە دەستپێشخەری و پێشنیاری ئەنجامدانی یەکەمین ڤیستیڤاڵی ساڵانەی هەنار لە بەسرە؛ بەهەمان شێوە گواستنەوەی ڤیستیڤاڵی ساڵانەی خورما بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها داواکرا کە گرنگیی زیاتر بدرێ بە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی هاوبەشی بەبازاڕکردنی بەربوومەکان، بەئامانجی لەئەستۆگرتنی کارئاسانی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێم و شاری بەسرە بەتایبەتی.

لەکۆتاییی دیدارەکەدا، وەک نەریتێکی هەمیشەیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەلایەن بیگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پاکێجێکی دیاری لە بەرهەمی پڕۆژەیەکی خۆماڵی هەرێمی کوردستان پێشکەشی پارێزگاری شارەکە کرا.