یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و حکومەتی فەرەنسا واژۆ کرا
ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە هەولێر، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، پارێزگاری هەولێر، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، کونسوڵگەری گشتیی فەرەنسا، ڕاوێژکاران و بەرێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، مەڕاسیمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و حکومەتی فەرەنسا/ کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم، لە چوارچێوەی هاوکاری و پاڵپشتییەکانی پرۆژەی (کیوانۆ / گرینستیزن)، بەڕێوە چوو.
پرۆژەی (کیوانۆ / گرینستیزن)، پرۆژەیەکی گرنگ و سەرەتایەکی گرنگە، بۆ پێشخستنی ستراتیژ و ژێرخانی بەڕێوەبردن، جێبەجێکردنی چارەسەرێکی داهێنەرانە بۆ چاودێریکردنی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، هێنانەکایەی سیستەمێکی پێشکەوتوو بۆ چۆنیەتیی گەیشتن بە داتا و زانیاری دروست.
هەروەها شێوازی کۆکردنەوە و خەزنکردنی ئاو، چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئاو، چۆنیەتیی ئاگاداربوون لە هەر ئەگەر و پێشهاتێکی کاریگەری تایبەت بە دۆخی ئاو و گۆرانی کەش و هەوا، لەسەر ئاستی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.