وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە کۆنسوڵی نوێی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە لوکاس گیوریچ کۆنسوڵی نوێی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کۆنسوڵی نوێی کۆماری چیک کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و پەیوەندیی هاوبەش و دۆستانەی نێوان کۆماری چیک و هەرێمی کوردستانی خواست؛ بە مەبەستی پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری سێکتەری کشتوکاڵی، ئاودێریی، پاڵپشتی جوتیاران لە بازاڕسازی و بەپیشەسازیکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکانی هەرێم.
لە کۆتاییدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، داوای لە کونسوڵی نوێی کۆماری چیک کرد، کە بەڕێزیان ڕۆڵیان هەبێت لە ئاشناکردنی جوتیاران به ئەزموون و تەکنەڵۆژیای نوێی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی. هەروەها جەختی لەسەر بانگهێشتکردنی وەبەرهێنەران و کارسازانی چیکی بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و پیشەسازیی کشتوکاڵی کردەوە؛ بەسوود وەرگرتن لە خاکی بەپیت و ئاوی سازگار و کەش و هەوای لەبار و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.