Skip to the content

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەرانی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەت، پێشوازی لە بەڕێز یان بریم کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان و دۆستایەتیی دێرین و مێژوویی نێوان حکومەتی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کرا و گفتوگۆ دەربارەی پاڵپشتی و بەشداری کارای حکومەتی فەرەنسا لە کەمکردنەوەی کاریگەری و مەترسییەکانی گۆرانی کەش و هەوا، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵی، ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو و پڕۆژەکانی ئاودێری کرا.

هەروەها تیشک خرایە سەر ئامادەکاریکردن بۆ ئەنجامدانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و شارەوانی حکومەتی هەرێم و کۆنسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (کیوانۆ، گرینستیزن)؛ کە پڕۆژەیەکی گرنگە و دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ پاڵپشتیی ژێرخان، باشتر چاودێریکردن، بەرێوەبردنی ستراتیژیی بەکارهێنانی ئاو، چۆنیەتیی دەستگەیشتن بە داتا و زانیاریی پێویست و ورد لە بارەی داهاتی ئاو، چۆنیەتیی بەکارهێنان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.