دانا عەبدولکەریم: بۆ خزمەتکردنی دانیشتوانی چەمچەماڵ درێغی ناکەین
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- ئەمڕۆ یەکشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەیاوەری ھەردو بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان و نیشتەجێکردن و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارانی وەزارەت، سەردانی قائیمقامیەتی چەمچەماڵی کرد، لەلایەن قائیمقام و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی سنورەکەوە پێشوازی کران.
قائیمقامی چەمچەماڵ، وێڕای بەخێرھاتنی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو وەفدی یاوەری، تیشکی خستەسەر کارو پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە سنورەکەو رایگەیاند: ئێمەو بەرپرسانی حکومی سنورەکە شایەتی ئەوە دەدەین وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کاری باشی کردوەو لەماوەی دوو ساڵی رابردوو کۆمەڵێک پڕۆژەی رێگاوبان لە سنورەکە کراوەو خراوەتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە.
ھاوکات کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی چەمچەماڵی بە گرنگ زانی و کۆمەڵێک داواکاری و پێشنیاریشی خستە بەردەم وەزیری ئاوەدانکردنەوە، کە خۆی دەبینیەوە لە پێداویستی بۆ بەرێوەبەرایەتییەکەو ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان.
لای خۆشیەوە وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە وەزارەتێکی خزمەتگوزارەو چەند ئەرکێکی لەسەرە، لەگرنگترینیان دروستکردنی رێگاوبان، بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆش ھاتوین بۆ جەختکردنەوە لەوەی وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەپشتیوانی حکومەت ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و دانیشتوانی ئەم سنورە خۆشەویستە درێغی ناکەین.
وتیشی؛ باشکردنی رێگاوبانەکان پێویستی بەبودجەو توانای دارایی ھەیە، ئێمە بەڵێن دەدەین ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین، وەک چۆن لەماوەی رابردوو کۆمەڵێک پڕۆژەی رێگاوبانمان لەم سنورە ئەنجامداوە، ھەوڵدەدەین لە داھاتوشدا پڕۆژەی دیکەو ئەوانەی تەواو نەکراون بەئەنجام بگەیەنرێن.