رێگای تەکیە-ئاغجەلەر بەڕوی هاوڵاتیاندا کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- ئەمڕۆ یەکشەممە، بەئامادەبونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و ئاگرین عەزیز، بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان و حەکیم ولیا، بریکاری وەزارەت بۆ نیشتەجێکردن و رمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ و ژمارەیەک لەبەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارانی وەزارەت و ئەندازیارو سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکەو بەرپرسانی حکومی، بەشێوەیەکی فەرمی رێگای قیری تەکیە ئاغجەلەر لە سنوری قەزای جەمچەماڵ بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیەو رایگەیاند؛ بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ ئەم پڕۆژەیەمان بەڕووی هاوڵاتیاندا کردەوە، کە درێژییەکەی 8.3کم و بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە گەڕەک و کۆڵانە سەرەکییەکانی ناحیەی ئاغجەلەر کە پێویستیان بە قیرتاوکردن هەبوو ئەوەشمان بۆ جێبەجێکردن.
وتیشی: چەمچەماڵ و ناحیەی ئاغجەلەر پێویستیان بە خزمەتی زیاترە، ئەوەی لە توانای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەدا بێت بە دڵنیاییەوە درێغی ناکەین. ئومێدەوارین لە داهاتودا پڕۆژە پێشنیارکراوەکانیشیان جێبەجێ بکەین، بەتایبەت داواکاری ناحیەی ئاغجەلەر کە داوای چاککردنی رێگای دەرەکی ناحیەکەیان کە دو کیلۆمەترەو بارهەڵگرەکان هاتوچۆی پێدا دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانم راسپاردوە کە دەرخستەیان بۆ ئامادە بکەن و ئەوەی ئەرکی ئێمەش بێت لە وەزارەت بۆیان جێبەجێ دەکەین و بتوانین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پڕۆژەیەشیان بۆ جێبەجێ بکەین.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە هیوای خواست لە داهاتودا بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دیکە سەردانی سنورەکە بکاتەوەو پەیامی ئەوەشی دوپات کردەوە، کە "حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سورە لەسەر خزمەتکردنی هاوڵاتیان، ئومێدەوارین لەگەڵ کەمبونەوەی کاریگەریی خراپی ئەو قەیرانە داراییەی هەبوە پڕۆژەی زیاتر بۆ خزمەتی هەمو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەین".