وەزیری ئاوەدانکردنەوە پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیەی بەسەرکردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- شەوی یەکشەممە ٢٠٢١/١/٢٤ دانا عەبدوکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیە-بنگردی بەسەرکردەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند؛ پڕۆژەکە لەئاستێکی باشدا ئەنجامدەدرێت چ لەروی کوالێتی پڕۆژەکە کە جێبەجێدەکرێت چ لەروی کاتی کارکردنەوە کە ٢٤ کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت، ئەگەر بەم شێوازە کارکردن بەردەوام بێت چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مایەی خۆشحاڵیمانە ئەم شێوازی کارکردنە، کە دەبێتە ھۆی متمانە گێڕانەوەی خەڵک بە دامەزراوەکانی حکومەت، کە حکومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە خزمەتی خەڵکدان.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانیشدا سەبارەت بە پڕۆژەی دوسایدی دوکان-چوارقوڕنە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی:«ئەو پڕۆژەیە دو قۆناغەو قۆناغی یەکەمی زیاتر لە ٩٠٪ی تەواو بوەو کاری باشی تێدا دەکرێت و قۆناغی دووەمیش بەڵێندەر بەڵێنیداوە دەستبەکار بکاتەوە چونکە بودجە بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە، ئەگەر لەکاتی خۆی دەستبەکارنەبو ئیشەکان بەباشی دەستپێنەکاتەوە بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوانماندا ھەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەوشێوازەی لە بەرژەوەندی گشتی و ھاوڵاتیاندا بێت.
ھاوکات ئاماژەی بە پڕۆژەکانی دیکەی وەزارەت کرد لە دوسایدکردنی رێگاوبانی ناوچە جیاوازەکان و رایگەیاند؛ پڕۆژەی دوسایدی کەلار-دەربەندیخان کاری باشی تێدا دەکرێت و بەمنزیکانە لەنزیکەوە پڕۆژەکە بەسەردەکەینەوە، پڕۆژەی دوسایدی سەیدسادق-ھەڵەبجە لە تەواوبوندایە، پڕۆژەی رێگای باشماخ-پێنجوێن لە تەواوبوندایە. ھیوادارین لەمساڵ و ساڵی داھاتو پڕۆژەکانی دیکەی وەزارەت و رێگا دوسایدییەکان تەواو بکەین.
کورتەیەک زانیاری لەسەر پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە-بنگرد
لە رۆژی 13/10/2020 بەردی بناغەی دانراوە
پڕۆژەکە لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بوە
کارکردن بەشێوەی 24 سەعاتی بەردەوامە
درێژییەکەی (420م) و بەرزی21مەتر و پانی 15 مەترە
بڕی زیاتر لە (11)ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە
بودجەکەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابینکراوە
یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ئیدارەی راپەڕین بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە