پەیام و ئامانجی حکومەت و وەزارەتەکان خزمەتکردنی ھاوڵاتیانە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- رۆژی دوشەممە ٢٠٢١/١/٢٤ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا، لەبارەی گرنگی و بایەخی کاری میدیایی و رۆڵی راگەیاندنی وەزارەتەکان لە گەیاندنی پەیام و بەرنامەی حکومەت و وەزارەتەکان کە خۆی دەبینێتەوە لە خزمەتکردنی سەرجەم ھاوڵاتیان. لەمڕووەوە جەخت لەسەر ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی زیاتر کرایەوە لەنێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو فەرمانگەی میدیاو زانیاری.
ھەر لە دیدارەکەدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن تیشکی خستەسەر کار و پڕۆژەکانی وەزارەت و بەگرنگییەوە باسی لە بایەخ و رۆڵی راگەیاندن کرد لە گواستنەوەی کار و چالاکییەکان و زانیاری لەسەر پڕۆژەکان کە لەپێناو خزمەتکردنی ھاوڵاتیانە. جەختیشی لەسەر پشتیوانی خۆی و وەزارەتەکەی کردەوە بۆ راگەیاندن و ھەروەھا ھەماھەنگی زیاتری نێوان راگەیاندنی وەزارەت و فەرمانگەی میدیاو زانیاری.
لای خۆشیەوە، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم، وێڕای ستایشی کارەکانی راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، ئاماژەی بەپەیام و بەرنامەی میدیایی حکومەت کردو رایگەیاند؛ وەک فەرمانگەی میدیاو زانیاری پشتیوانی راگەیاندنی وەزارەتەکان دەبن بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە کار و چالاکی و زانیاری لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتەکان و حکومەت بگات بەھاوڵاتیان.