بەم نزیکانە بەردی بناغەی پردی (توەقوت) دادەنرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ئەوەی لەتواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنی پارێزگای هەڵەبجە درێغی ناکەین
رۆژی سێشەممە 26/1/2021 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجەو کاوە عەلی، جێگری پارێزگار کرد.
لەمیانی دیدارێکدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بە کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتەکەی کرد لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەو رایگەیاند؛ ئەوەی لەتوانایاندا بێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی هاوڵاتیانی سنورەکە درێغی ناکەن.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، رەزامەندی لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی پردو رێگای (توەقوت) وەرگیراوەو بەم نزیکانە بەردی بناغەکەی دادەنرێت و دواتر دەستبەکارکردن دەکرێت تیایدا، هەروەها رێگای دوسایدی نێوان هەڵەبجە-سەیدسادق لەتەواوبوندایەو ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش کارکردن تیایاندا بەردەوامە.
لای خۆشیەوە، پارێزگاری هەڵەبجە سوپاس و ستایشی هەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتەکەی کرد، لەبەرامبەر بەدەمەوەهاتنی داواکارییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەو ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنورەکەیان، ھاوکات کۆمەلێک پێشنیار و داواکاریی خستەڕو لەبارەی پڕۆژە گرنگەکانی پارێزگای ھەڵەبجە.
جێی ئاماژەیە، لە دوا سەردانیدا بۆ سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەکانی وەزارەتەکەی لە سنورەکە بەسەرکردەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە (10)پڕۆژەی جیاواز و بڕی زیاتر لە ملیارێک دیناری بۆ تەرخانکراوە.