حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رێگای کەلار-دەربەندیخان تەواو دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە پێی نووسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە رۆژی 14/6/2021 دەرچووە، بە ئاماژەدان بە داواکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی (10)ملیار دینار بۆ بەردەوامی کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی رێگای نێوان (کەلار- دەربەندیخان).
پێشتر لە ڕێکەوتی 2021/2/23, دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردبوو بە مەبەستی تەرخانکردنی بڕی (70)ملیار دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دووسایدی رێگای(کەلار- دەربەندیخان).
پڕۆژەی رێگای (کەلار- دەربەندیخان) یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت، لەکابینەی پێشوودا تەنها یەک پێشینەی بۆ تەرخانکرا کە بڕەکەی شەش ملیار و (934)ملیۆن و (260)هەزار دینار بوو، بەڵام لەماوەی ساڵ و نیوێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، بەهۆی گرنگیپێدانی پڕۆژەکەو بۆ ئەوەی زوو بچێتە خزمەتی هاوڵاتیان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕی (55)ملیار و (419)ملیۆن و (842) هەزار دیناری بۆ بەڵێندەر خەرجکردووەو رێژەی ئەنجامدراویش لەئێستادا گەیشتوەتە زیاتر لە (55٪).