خولێك بۆ ئهندازیارانی وهزارهتی ئاوهدانكردنهوه بهڕێوهچوو
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە 21/6/2021، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە یاوەریی بریکاری وەزیر بۆ رێگاوبان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکارانی وەزارەت، سەردانی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەددین و بەشی شارستانی کۆلێژەکەی کرد لە شاری هەولێر.
لە دیدارێکدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تیشکی خستە سەر گرنگی و بایەخەکانی کردنەوەی ئەم خولە، کە "ئامانج لێی بەهێزکردنی توانستەکان و خزمەتکردنی زیاترە بە هاووڵاتییان لەڕێی پڕۆژەکانی وەزارەتەوە، کە لەئێستادا وەک وەزارەت زیاتر جەخت لەسەر پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و دروستکردنی پرد دەکەینەوە، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان".
هاوکات سوپاسی کۆلێژی ئەندازیاری و مامۆستایانی کرد لەپای ماندووبوونیان لەم خولەداو وتی: "خۆشحاڵم دوای 25ساڵ دەگەڕێمەوە بۆ کۆلێژی ئەندازیاری کە پێشتر یەکێک بوم لە خوێندکاران و دەرچووانی ئەم کۆلێژە، هیوادارم ئەم خولەش سوودمەندبێت و پەیوەندییەکانمان زیاتر بێت و ئاستی زانستی بەرەو پێش ببەین، بۆ ئەوەش پێویستە هەمووان تەواوکەری یەکتری بین".
وەزیری ئاوەدانکردنەوە جەختی کردەوە، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان لەم کابینەیەی حکومەتدا، هەوڵیانداوە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ زانکۆ و کۆلێژە ئەندازیارییەکان هەبێت بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی کار و پڕۆژەکان و وتیشی: "بڕیارمانداوە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی زانستی لە وەزارەت بکەینەوە، ئەمە سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ سوودگەیاندن لە بواری زانستی و ئەندازیاریی و بوارەکانی تر بە ئەندازیاران، کە دواجار سوودەکەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دەبێت".
لە لای خۆیەوە د.نەژاد ئەحمەد، ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری، وێڕای بەخێرهاتنی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و شاندی یاوەری ڕایگەیاند؛ خۆشحاڵین بەم سەردانە و کردنەوەی خولانە، دەخوازین پەیوەندی باشمان لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان هەبێت، چونکە پێمانوایە حکومەت دەتوانێت سود لەم کۆلێژە وەربگرێت، هیوای خواست ئەم خولە ببێتە ئەو دەرفەتە و باشترکردنی پەیوەندییەکان و خزمەتکردنی زیاتر.
کردنەوەی ئەم خولە بە دەستپێشخەری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە بە هاوکاری لەگەڵ کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین بەشی شارستانی بەناونیشانی (ROAD DESIGN – GEOMETRIC & STRUCURE) ، ژمارەیەک لە ئەندازیارانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەشدارییان تێدا کرد.