٧٨٪ی ڕێگای دەربەندیخان ـ باوەخۆشێن تەواو کراوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ماوەی رابردودا بە فەرمانی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکرد، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی سلێمانیەوە بە شێوازی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەكرێت، بە درێژی ٤ کیلۆمەتر و بە گوژمەی ٤٩٨ ملیۆن دینار كە بودجەکەی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنەوە بۆ دابینكراوە، رێژەی کاری ئەنجامدراویش لەئێستادا گەیشتوەتە (٧٨٪).
ئەوەش جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە بوو کە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەھاووڵاتیان و خەڵکی سنوورەکەی دابوو.
پڕۆژەکە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرێت، ئەوانیش:
قلعكردنی ئەو بەشانەی ڕێگاكە كە تێكچوون، لەگەڵ فەرشكردنی چینێك قیری ستابلایزەر بە ئەستوری ١٠ سانتیمەتر. فەرشكردنی چینێك قیری بایندەر بە ئەستوری ٦ سانتیمەتر بۆ گشت ڕێگاكە بە درێژی ٤ کیلۆمەتر. سەرلەنوێ چاككردنەوەی شانی ڕێگاكەو فەرشكردنی تێكەڵەی جۆری (B) بە ئەستوری ١٦ سانتیمەتر. دروستكردنی جۆگەی لاتەنیشت بۆ هەردولای ڕێگاكە.
رێگای دەربەندیخان - باوەخۆشێن، ناوچەی قەرەداغ و ناحیەی باوەخۆشێن و ناحیەی سێوسێنان و گوندەكانی سنورەكە بە دەربەندیخانەوە دەبەستێتەوەو لە ھەر حاڵەتێکی داخستنی تونێلی دەربەندیخانیشدا، دەبێتە رێگای سەرەكی هاتوچۆی ناوچەی گەرمیان و دەربەندیخان لەگەڵ شاری سلێمانی.