وەزیری ئاوەدانکردنەوە بانگهێشتنامەی سێ کۆمپانیای جیهانی بۆ ئامادەکردنی بەهای ئابوری هێڵی ئاسنین واژۆ دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/2 لە رێورەسمێکدا کە لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن واژۆی لەسەر بانگهێشتنامەی سێ کۆمپانیای گەورەی جیهانی کرد بۆ ئامادەکردنی بەهای ئابوری (جدوی الاقتصادی)ی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان کرد.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند؛ خۆشبەختانە ئەمڕۆ دەتوانم بەنوێنەرایەتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ هاوڕێکانم لە تیمی وەزارەت ئەوەتان پێ رابگەیەنم، کە ئەمڕۆ وەزارەتمان ئامادەیە بۆ بانگهێشتکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە دیاریکراون بۆ قۆناغی سەرەتایی پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان، ئەویش ئامادەکردنی بەهای ئابوری (جدوی الاقتصادی)ی پڕۆژەکەیە، ئەمڕۆ ئەو بانگهێشتانە واژۆ دەکەین و بەفەرمی ئەو کۆمپانیایانە بانگهێشت دەکەین کە لەئاستی جیهاندا لە سەرەوەی رانکینی جیهانین لەبواری دیزاین و هەڵسەنگاندن لەبواری هێڵی ئاسنین و لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی هێڵی ئاسنین پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێم دەباتە قۆناغێکی نوێوە لەبواری گواستنەوەی هاتوچۆی هاوڵاتیان لەنێوان شار و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و لەبواری گواستنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئومێدەوارین ئەم سەرەتایە، سەرەتایەکی راست و دروست بێت کە دەستمان پێکردوەو بتوانین ئەم پڕۆژەیە بەشێوەیەکی زانستیانەو ئابوریانە خزمەتی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان بکات.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی: "ئەمڕۆ واژۆ لەسەر بانگهێشتنامەی سێ کۆمپانیای گەورەی جیهانی دەکەم کە لەم بوارەدا پێشەنگن و پێکهاتون لە دوو کۆمپانیای ئیسپانی و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی، هیوادارین ئەو ماوەیەی بۆمان دیاریکردون و بەپێی ئەو رەوشە ئەندازیارییانەی کە لێیان داواکراوە (feasibility study) و هەڵسەنگاندنی بەهای ئابووری پڕۆژەکە تەواو بکەن، جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکەم کە بەڕێزیان بەردەوام پشتیوانی ئەم پڕۆژەیە بوون و هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە راگەیاندووە، هاوکات سوپاسی ستافی وەزارەتی کرد هەر لە بریکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ئەندازیاران کە لەم پرۆسەیەدا ماندوبوون و هەموو هەوڵێکیش دەدەین کە ماندوبوونەکەیان بە خۆڕایی نەڕوات".
هەروەک جەختیکردەوە، وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ کە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تری پێشکەوتن هەنگاو بنێین و وەزارەتمان چ لە بواری سەلامەتی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان و چ لە بواری زیادکردنی داهات و باشکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان رۆڵی خۆی ببینێت، هیوادارین ئەمڕۆش سەرەتایەکی نوێ بێت و بەچاوی خۆمان ئەوە ببینین کە لە داهاتودا هێڵێکی شەمەندەفەری پێشکەوتومان هەبێت.