وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجومەنی سەندیکای تەکنیککارانی ئەندازەیی کوردستان و لقی هەولێر کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/15 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە وەفدێکی هاوبەشی ئەنجومەنی سەندیکای تەکنیککارانی ئەندازەیی کوردستان و لقی هەولێری سەندیکا کرد.
لە دیدارێکدا، کە نەقیبی سەندیکاو سەرۆکی لقی هەولێر و نوێنەرانی سنوری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشدار بوون، گفتوگۆکرا لەسەر ماف و ئەرکەکانی تەکنیککارانی ئەندازەیی کوردستان، کە خۆی دەبینییەوە لە بابەتی ناونیشانی وەزیفی، بەشداریکردن لە خولەکان و درێژەدان بەخوێندن بۆ ئەو تەکنیککارانەی ئارەزومەندن بۆ درێژەدان بە خوێندن و بەشداریپێکردنیان لە پڕۆژەکان و چەند بابەتێکی تر.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دوای گوێگرتن لە داواکارییەکانی ئامادەبوان، پشتیوانی و پاڵپشتی خۆی و وەزارەتی بۆ داواکانیان دوپات کردەوەو بە گرنگییەوە باسی لە ئەرک و کارەکانی تەکنیککاران کرد و رایگەیاند: تەکنیککاران بەشێکی گرنگن لە کاری سەرجەم وەزارەتەکان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەتایبەتی.
هاوکات ئامادەبوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردان و پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ تەکنیککاران و داواکارییەکانیان، لەوبارەیەوە چالاک رەفیق، نەقیبی سەندیکای تەکنیککارانی ئەندازەیی کوردستان سوپاس و ستایشی پاڵپشتییەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی کردو خۆشحاڵ بون بەوەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەنزیکەوە ئاگاداری کار و ماندوبون و خزمەتەکانیانەو بۆ ئەو مەبەستەش، رێزلێنانیان پێشکەشی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کرد.