Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشوازی لە ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی گەرمیان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/2 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشوازی لە بەڕێوەبەری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و ژمارەیەک لە چین و توێژە جیاوازەکانی سنوری گەرمیان کرد.

 

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ پێشوازیمان لەم بەڕیزانە کرد کە براو کەسوکار و خۆشەویستانمانن و لە گەرمیانەوە هاتوون بۆ وەزارەت و داواکاری بەدوسایدکردنی رێگای نێوان کەلار-مەرزی پەروێزخانیان خستەڕوو، کە یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

هەروەا گوتیشی:"ئەو رێگایە پێویستی بەچاککردن و فراوانکردن هەیەو پێویستی بەوەیە بکرێتە رێگایەکی دووساید، ئەم بەڕێزانە داواکارییەکی رەوای خەڵکی گەرمیانیان هێناوە، ئێمەش بەڵێنمان پێدان پشت بەخوای گەورە کاری جدی لەسەر داواکارییەکەیان دەکرێت و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بتوانین ئەم پڕۆژەیەیان بۆ بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پشتیوانی بۆ داواکارییەکەیان دوپات کردەوەو وتی: "ئێوە نوێنەری ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی گەرمیانن، لەم ساتەوە منیش بکەنە نوێنەری خۆتان و پشتیوانی لە داواکەتان دەکەین و ئەوە ئەرکە لای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، وەزارەتیش ئەو ئەرکەی خۆی بەرامبەر خەڵکی گەرمیان جێبەجێ دەکات و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتکردنی تەواوی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان".

 

هاوکات جەختی کردەوە، هەموو هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی رێگای دوسایدی نێوان سلێمانی-کەلار لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا تەواو بکرێت.

 

لای خۆشیەوە، عەلی تۆفیق، بەڕێوەبەری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان سوپاس و ستایشی هەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی کرد بۆ خزمەتکردنی سنوری گەرمیان و رایگەیاند؛ وەزیری ئاوەداکردنەوە بە گرنگییەوە لەم سەردانەی روانی و ئێمەش ئومێدمان بە بەڕێزیان هەیە بۆ چاککردنی ئەو رێگایە، کە بایەخێکی گرنگی بازرگانی و ئابووری بۆ ناوچەکە هەیە".