وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن تونێلی دەربەندیخان بەسەر دەکاتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ هەینی 29/4/2022 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەسەر راسپاردەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێم تونێلی دەربەندیخانی بەسەرکردەوە، بەمەبەستی ئاگاداربون لەو زیانانەی بەر تونێلەکە کەوتبو بەهۆی سوتانی تانکەرێکی سوتەمەنی و هەوڵدان بۆ هەرچی زو چارەسەرکردنی و کردنەوەی رێگای تونێلەکە.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، ئێمە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی بەرێز سەرۆکی حکومەت ھاتین لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنێتی روداوەکە بین و ھەروەھا بۆ بەرنامەدانان پلاندانانی کورتخایەن و خێرا بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و پلانی درێژخایەن بۆ ئەوەی تونێلێکی تر دروست بکەین وەک پێشتریش بەڵێنمان دابو. ئەوەی گرنگە پلانی خێرایە، دو رێگای خێراو بەپەلە دەگرینەبەر، یەکەمیان لەماوەیەکی نزیکی رابردودا رەزامەندی وەزیری دارایی وەرگیراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلەکەو لە ماوەیەکی نزیکدا نۆژەندەکرێتەوە، ھەنگاوی دوەمی خێرا قیرتاوکردنی رێگای ناوتاقە وەک بەدیلی ئەم رێگایە کە نزیکەی ٨ کم دەبێت. بەمەبەستی کارئاسانی ھاتوچۆی ھاوڵاتیان.
ھەروەک جەختی کردەوە کە ھەوڵدەدەن بەزوترین کات تونێلەکە نۆژەنبکرێتەوەو ھەر ئەمڕۆش گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی لەداھاتو کە نۆژەنکرایەوە تەنھا بۆ ئۆتۆمبێلی بچوک یاخود بارھەڵگر ئەم رێگایە بەکاربھێنێت و وتی: رەنگە وا باشتر بێت ئێرە تەنھا ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر ھاتوچۆی پێدا بکات تا ئەوکاتەی رێگای ناوتاق قیرتاو دەکەین، ھەر ئەمڕۆ بڕیارمان لێداوە کە جێبەجێی بکەین. بڕیاریشمان داوە بە چاککردنێی رێگای دوسایدی ناو دەربەندیخان.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوەو بڕیاردراوە کە لیژنەیەکی ھاوبەش لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتی پلاندانان پێکبھێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ باشترین کۆمپانیای ناوچەکە تایبەت بە دروستکردنی تونێلی دوەمی دەربەندیخان.
ئەوە لەکاتێکدایە، مانگی رابردو، لەسەر راسپاردەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و دوای ئاراستەکردنی نوسراو، وەزیری دارایی و ئابوری رەزامەندی لەسەر داواکارییەکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەربڕی بەمەبەستی تەرخانکردنی بڕی (193)ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەو چاککردنی تونێلی دەربەندیخان و کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەم کابینەیەدا، بایەخی و گرنگی تایبەتی بە سنورەکە داوە، سەرەڕای قەیرانەکان و لەگەڵ هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی رێگای دەربەندیخان کەلار، ساڵی رابردو رێگای دەربەندیخان-باوەخۆشێن بە بڕی زیاتر لە 490 ملیۆن دینار قیرتاوکرا، کە ناوچەی قەرەداغ و ناحیەی باوەخۆشێن و ناوچەکانی دەوروبەری بە دەربەندیخانەوە دەبەستێتەوە، هاوکات لەکاتی داخستنی تونێلەکە، دەبێتە رێگایەکی سەرەکی هاتوچۆی ناوچەی گەرمیان و دەربەندیخان لەگەڵ سلێمانی.
هەر لە ساڵی رابردو لەچواچێوەی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکانی سنورەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رێگای دوسایدی وارماوا دەربەندیخان تا گوندی میرەدێی بەفەرمی کردەوە کە بەشێکە لە پرۆژەی دوسایدی وارماوا دەربەندیخان.