هەوڵەکان بۆ درووستکردنی تونێلی نوێی دەربەندیخان بەردەوامە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢، لیژنەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزارەتی پلاندانان، بەمەبەستی درووستکردنی تونێلێکی نوێ بۆ دەربەندیخان، دانیشتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیای لیماکی تورکی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆپۆزەڵە کرا کە کۆمپانیای ناوبراو پێشکەشی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کردووە بەمەبەستی درووستکردنی تونێلێکی نوێ بە درێژیی دوو کیلۆمەتر و نیو، لەگەڵ ڕێگا بەستەرەوەکان بە هەردوو دیوی سلێمانی و گەرمیاندا کە درێژییەکەی جگە لە تونێلەکە نزیکەی ١٢-١٣ کیلۆمەتر دەبێت.
درووستکردنی تونێلەکە بە بەرزترین کوالیتی و تایبەتمەندیی جیهانی ئەنجام دەدرێت، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا بە تێروتەسەلی گفتوگۆ لەسەر نرخ و شێوازی تەکنیک و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمپانیای ناوبراو کە کۆمپانیایەکی پسپۆرە لەبواری درووستکردنی تونێلدا و ئەزموونی درووستکردنی تونێلی لە هەرێمی کوردستان هەیە، وەڵامی تێبینی و بیروڕاکانی لیژنەکە بداتەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە هەوڵی بەردەوام و ڕژددایە لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دارایی بۆ ئەم پڕۆژەیە دابین بکات.
شیاوی باسە ئەو پڕۆژەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتوچۆ لەنێوان گەرمیان و سلێمانی و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ هاووڵاتیان ڕۆڵی دەبێت.