وەزیری ئاوەدانکردنەوە: تەواوکردنی رێگای دوسایدی دەربەندیخان-کەلار لە پێشینەی کارەکانمانە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت؛ ئەنجامدانی پڕۆژەکانمان لە گەرمیان لە ئەولەویەتی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە، لەسەرو هەمویانەوە تەواوکردنی رێگای دوسایدی دەربەندیخان-کەلار، هاوکات سەرپەرشتی ئیدارەی گەرمیان دەڵێت: جێگای دەستان لە پڕۆژەکانی سنورەکە دیارو بەرچاوە.
رۆژی سێشەممە، 22/2/2022 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداریی سنورەکە کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا دەربارەی کارو پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند؛ لە رابردودا خەڵکی گەرمیان و سنورەکە هاوشێوەی ناوچەکانی تر، زۆرترین قوربانیان داوە لەپێناو خاک و نیشتیمان، بۆیە شایستەی باشترین خزمەتن، هەربۆیە ئەنجامدانی پڕۆژەکانمان لە گەرمیان لە ئەولەویەتی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە.
جەختی کردەوە، لەمساڵیشدا ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ و تەواوکردنی پڕۆژەکانی رابردو لە پلانی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیەو بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، لەسەرو هەمویانەوە تەواوکردنی رێگای دوسایدی دەربەندیخان-کەلار، کە بە هەوڵەکانمان لەماوەی رابردودا رێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەکەمان گەیاندوەتە زیاتر لە 55٪.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی پڕۆژەکانی سنورەکە دەکەین و بەشێک لە پڕۆژەکان دەستبەکارکردن دەکرێنەوەو بەگەڕیان دەخەینەوە.
لای خۆشیەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سوپاسی هەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتەکەی کرد بۆ کارو پڕۆژەکانیان لەسنورەکەو رایگەیاند؛ جێگای دەستان لە پڕۆژەکانی سنورەکە دیارو بەرچاوەو زۆرترین سەردانتان بەشێوەیەکی مەیدانی بۆ پڕۆژەکان ئەنجامداوە لەماوەی ئەم کابینەیەدا، بەرەو پێشچونی پڕۆژەکانیش بەدەستکەوتی ئێوە دەزانین.
هاوکات کۆمەڵێک داواکارییان بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ و تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی لە رابردودا چونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاراستەی وەزارەت کرد.