وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشوازی لە قائیمقامی ڕانیەو ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهیدانی دەڤەری راپەڕین کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە حوسێن مەحمود، قائیمقامی ڕانیەو ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهیدانی دەڤەری ڕاپەڕین.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆ کرا لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی قۆناغی دووەمی مۆنۆمێنتی شەهیدان لە ڕاپەڕین، وەک داواکارییەکی کەسوکاری شەهیدان کە لەلایەن وەفدی میوانەوە وەک داواکاریی ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کرا.
لە بەرامبەردا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەختیکردەوە لەسەر هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیەو ڕایگەیاند "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەو خواست و داواکاریی کەسوکاری شەهیدان".
هاوکات وەفدی میوان بەناوی ئیدارەی قەزای ڕانیەو کەسوکاریی شەھیدانەوە، سوپاس و ستایشی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنیان کرد، بۆ خەمخۆری و هەوڵدانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.