وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەشێوەیەکی مەیدانی تیمەکان بەسەردەکاتەوە
*کارکردنی تیمەکانی وەزارەتی ئاوەدانکرنەوە بۆ راماڵینی بەفرو پاککردنەوەی رێگاوبانەکان بەردەوامە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کارەکانی پاککردنەوەو راماڵینی بەفر لە رێگاوبانەکان بەسەردەکاتەوەو دەستخۆشی ئاراستەی ستاف و کارمەندانی وەزارەت لە شارو شارۆچکەکان دەکات.
شەوی پێنجشەممە 20/1/2022، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی کارەکانی پاککردنەوەو راماڵینی بەفری لەبەشێک لەرێگاوبانەکان بەسەرکردەوەو سەردانی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی کرد، کە سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگای نێوان سلێمانی-دوکان-خەلەکانن.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە، وێڕای بەرزنرخاندنی کارکردنی تیمە جیاوازەکان لە شاروشارۆچکەکان کە بەشەو و رۆژ سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاوبانەکانن بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی هاوڵاتیان، هاوکات دەستخۆشی و سوپاسی ماندونەبونی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی پارێزگاکان و بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانەکان و سەرجەم کارمەندان لە شارو شارۆچکەکان و ئەو کۆمپانیاو لایەنانە کرد، کە هاوکارن بۆ راماڵینی بەفرو پاککردنەوەی رێگاوبانەکان.
لەئێستاشدا سەرەڕای خراپی کەشوھەواو دابەزینی پلەکانی گەرما کە لە ھەندێ ناوچە لەژێر پلەی سفری سیلیزییەوەیە، تیمەکان لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشەو و رۆژ بەردەوامن لەکارکردن بۆ راماڵینی بەفرو پاککردنەوەی رێگاوبانەکان و تاوەکو کۆتایی ئەم شەپۆلی بەفربارینە لەکارکردن بەردەوام دەبن.