وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ڕێگەچارەمان بۆ تەواوکردنی ڕێگە دووسایدییە ستراتیژییەکان ئامادە کردووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، ٥ ی تەممووزی ٢٠٢٢ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە وەفدێکی تیمی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کە پێکھاتبوون لە لۆرد فرانسیس و وەفدێکی یاوەری.
لە دیدارێکدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، تیشکی خستەسەر کار و پڕۆژەکانی وەزارەت لە بوارەکانی ڕێگەوبان و نیشتەجێکردن و هێڵی شەمەندەفەر و ڕایگەیاند؛ سەرەڕای پلان بۆ دروستکردنی ڕێگەی خێرا و تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، ئامانجمانە هەرچی زووە ڕێگە دووسایدییەکانی نێوان شارەکان تەواو بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش پلان و بەرنامەی چارەسەرمان ئامادە کردووە بۆ تەواوکردنی ڕێگە دووسایدییە ستراتیژییەکان لە داهاتوودا.
هاوکات ئاماژەی بە پلان و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان کردو وتی: "لێکتێگەیشتنێکمان لەگەڵ کۆمپانیای (دۆيچەبان)ی ئەڵمانی واژۆ کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان کە خۆی لە دیزاین و دۆزینەوەی لایەنی ئابووری بۆ پڕۆژەکە و سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکەوە دەبینێتەوە لە ڕووی کوالێتییەوە، جگە لەوەش لەگەڵ کۆمپانیای (کۆنسوڵترانس)ی ئیسپانی گرێبەستێکمان واژۆ کردووە بۆ ئەنجامدانی (کەڵکی ئابووری-Feasibility study) کە لەماوەی چەند مانگێکدا کارەکانیان تەواو دەکەن، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە.
لای خۆشیانەوە، وەفدی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە ئەنجامدانی ئەم دیدارە و؛ کار و پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و هەنگاوەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەیان بەرزنرخاند و ئاماژەیان بەوە کرد، پلان و بیرکردنەوەی وەزارەت لە ڕووی ستراتیژی و بوونی پلانی درێژخایەن و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان جیاواز و دڵخۆشکەرە، ئەمەش ئەو ئاراستەی کارکردنەیە کە کوردستان پێویستییەتی.
هەروەک پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەربڕی و جەختیان کردەوە، کار و پڕۆژەکانتان جێگەی ستایشە و ڕێگە ڕاستەکەتان هەڵبژاردووە.