وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشوازی لەشاندێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ٧/٦/٢٠٢٢، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیکرد لە د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و شاندێکی یاوەری.
لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆی ورد کرا سەبارەت بەچەند پرس و بابەتێکی پەیوەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەت و خزمەتکردن بەهاوڵاتیان، لەمڕوەوە دانا عەبدولکەریم وێڕای بەخێرهێنانی وەفدی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد؛ کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەزارەتێکی خزمەتگوزارەو پەیوەندی راستەوخۆی بەهاوڵاتیان و بەژێرخانی وڵاتەوە هەیە بەتایبەت لەڕوی رێگاوبانەکان و نیشتەجێکردن.
هاوکات تیشکی خستەسەر پڕۆژەکانی وەزارەت کە لە رابردودا جێبەجێ کراون و وتی: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە رابردودا بەپاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوی گرنگیناوە، بەڵام هێشتا هەندێ پڕۆژەی رێگاوبان ماون کە پێویستیان بە هەرچی خێرا تەواوکردن هەیە لەوانەش رێگا دوسایدییەکانی نێوان پارێزگاکان و رێگای دوسایدی کەلار-دەربەندیخان، هەولێر-کۆیە، دوکان-چوارقوڕنە، کۆڕێ-شەقڵاوە، چۆمان-حاجی ئۆمەران، ڕێگاو پردی توەقوت
وەزیری ئاوەدانکردنەوە جەختیکردەوە، رێگاوبان ئەولەویەتەو پەیوەندی بەتاک بەتاکی کۆمەڵگاوە هەیە، لەبواری نیشتەجێبونیش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی هەیەو خۆشبەختانە لەکۆبونەوەی رابردومان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی حکومەت چارەسەری گونجاو پەسەند کرا بۆ تەواوکردنی (٩)هەزار یەکەی نیشتەجێبون بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان، کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە جێبەجێ دەکرێت.
لای خۆشیەوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و سازدانی ئەم جۆرە کۆبونەوانەو ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی حکومەت خزمەتکردنی هاوڵاتیانەو بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێت لەرێگای ئەم جۆرە کۆبونەوانەوە هەوڵەکان چڕتر و یەکبخەین بۆ باشترکردنی کاروبارەکان و خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هاوڵاتیان.
هەروەک جەختیکردەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە یەکێکە لە باشترین وەزارەتەکانی حکومەت و رایگەیاند؛ ئەنجومەنی وەزیران هەمیشە دەرگای کراوەیەو هەروەها پاڵپشت و هەماهەنگکار دەبێت بۆ ئەم وەزارەتە، بۆ دابینکردنی پێداویستی و داواکارییەکانتان بەمەبەستی باشتر راییکردنی کاروبارەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوە سەرجەم ناوچەکان.
لە کۆبونەوەکەدا بریکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و پارێزگاکان و بەرپرسانی وەزارەت و شاندێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەیبون و دوای گفتوگۆی چڕو ورد کرا لەسەر داواکاریی و پێداویستییەکانی پەیوەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەش رێنمایی و راسپاردە پێویست دەرکرا.