بڕی زیاتر لە 187 ملیۆن دینار بۆ چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەرخان کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و دوای ئاراستەکردنی نوسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (8343) و بە واژۆی وەزیری دارایی، رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی
187 ملیۆن و828 هەزار دینار بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەربڕی. بەمەبەستی چاککردنەوەی تونێلەکە و کارئاسانیکردن بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان.
لە مانگی نیسانی رابردوو و لەمیانی بەسەرکردنەوەی تونێلەکەدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەک پلانی خێرا هەوڵدەدەن بەزوترین کات تونێلی دەربەندیخان نۆژەنبکرێتەوە.
ئەو کات وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەشکرد، کە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە و بڕیاردراوە لیژنەیەکی ھاوبەش لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتی پلاندانان پێکبھێنرێت، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ باشترین کۆمپانیای ناوچەکە تایبەت بە دروستکردنی تونێلی دووەمی دەربەندیخان.
٢٨ـی نیسانی ئەمساڵ بەهۆی سووتانی تانکەرێکی سوتەمەنی زیانی ماددی زۆر بە تونێلی دربەندیخان کەوت، کە رێگایەکی سەرەکی هاتووچۆی هاووڵاتیانە لە ناوچەکەدا.