Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی گەرمیان دەکرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 8 ی ئایاری 2022، لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بە مەبەستی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگه‌وبانەکانی گەرمیان سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد.
لەو سەردانەدا، توانا بەشیر بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و سەرۆکی لیژنەکە ئەوەی خستەڕوو، لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە فەرمانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگه‌وبانی گەرمیان دەرچووە، کە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان لەم سنوورە.
لای خۆیەوە، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، وێڕای پشتیوانی بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکە ئەوەی خستەڕوو، بوونی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بۆ گەرمیان گرنگە و خزمەت بە سنوورەکە دەکات، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ کردنەوە و پەرەپێدانی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە.
هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەدا، کە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئامادەی بوو، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگه‌وبانی سلێمانی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەگەرمیان، ئامادەییان پیشاندا بۆ هاوکاریکردنی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و ڕێگاوبانی گەرمیان لە دابینکردنی میلاک و پێداویستیەکانی.