Skip to the content

پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە دەستپێدەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەیاوەری ھەردوو بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارانی وەزارەت، پڕۆژەی قیرتاوکردنی گوندەکانی کاولان، گۆمەشین و قزووڵی لە سنووری ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە بەسەرکردەوە.

پڕۆژەکان بە فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە جێبەجێ دەکرێن، کە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکیان ئێستا کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، "ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە، سەردانی ژمارەیەک لە گوندەکانی سنووری ناحیەی ئاشتیمان کرد، وەک حکوومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، چەند رێگایەکیان بۆ قیرتاو دەکەین کە لە ماوەی یەک-دوو ھەفتەی رابردوو، نزیکەی ١١ کم لە گوندەکانی کاولان و گۆمەشین و قزلوو قیرتاوکراون و کارکردن لە چەند گوندێکی دیکەش بەردەوامە.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانیشدا، سەبارەت بە رێگای دووسایدی کۆیە-ھەولێر، گوتی، "ئەوە رێگایەکی ستراتیژییە و ھاوکات بەشێکیشە لە دووسایدی ھەولێر سلێمانی، ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبوو تا ساڵی ٢٠١٤ تەواو بکرێت، بەڵام تەواو نەکراوە. لە ئێستاشدا بەھۆی بارودۆخی داراییەوە، حکوومەت ناتوانێت بودجەی پڕۆژەکە دابین بکات کە ٣٦٠ ملیار دینارە، بەڵام وەک وەزارەت لە گفتوگۆداین لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە بەشێوەی قەرزی درێژخایەن."

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەختیکردەوە "لە ئایندەیەکی نزیکدا، کارکردن لە ڕێگای دووسایدی دوکان-چوارقوڕنە دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی ھەیبوە؛ راپۆرتی وەزارەت چووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەوانیش پەسەندیان کردووە."