Skip to the content

بۆ خۆپاراستن لە زیانی بوومەلەرزە وۆركشۆپی"پاراستنی هەرێمی كوردستان لە مەترسییەكانی بومەلەرزە" بەڕێوەچوو

هەرێمی كوردستان دەیەوێت خۆی بۆ ئەگەرەكانی ڕوودانی بوومەلەرزە ئامادە بكات و زیانەكانی كەم بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت و دامودەزگەكانی حكومەت، بۆ لێكۆڵینەوە لەو پرسە كەوتوونەتە خۆیان.

لەو چوارچێوەیەدا بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەكانی بوومەلەرزە، وۆركشۆپی "پاراستنی هەرێمی كوردستان لە مەترسییەكانی بومەلەرزە" بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

وۆرکشۆپەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە ھەماھەنگیی چاپتەری کوردستانی پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمەریکی كرا، بە ئامانجی ھەڵسەنگاندنی خانوو و باڵەخەکان و پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری و پێشنیارکردنی ڕێکار و میکانیزمی چارەسەر، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ دیاریکردنی کۆد و ستانداردی گونجاو بە سرووشت و ھەڵکەوتەی جوگرافی و داڕشتنی نەخشەڕێگای گونجاو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی داھاتوو.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، تیشکی خستە سەر گرنگیی بابەتەکە و ئاماژەی بەوە کرد "ئەم بابەتە پەیوەندی بە تاک بە تاکی ھاووڵاتییانەوە ھەیە، بۆیە وەک حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆمان زانی کە پێداچوونەوەیەک بەشێوازی دیزاینکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ھەرێمی کوردستان بکەین.

گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە پڕۆژەکان لەسەر بنەمای کۆد و ستانداردی تایبەت بە پێگەی جوگرافیی ھەرێمی کوردستان و ئەو کۆدانە بن کە ئەندازیاران و دیزاینەران لەسەری ڕێکدەکەون، بۆ پاراستنی بیناو باڵەخانەکان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی بوومەلەرزە، ھەروەھا دەستنیشانکردنی کەموکوڕی، ئەگەر لە بیناو باڵەخانەکان ھەبێت و دانانی میکانیزم بۆ چارەسەرکردنی.