لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغێکی گرنگی پڕۆژەی هێڵی ئاسن تەواو دەکرێت
ڕۆژی سێشەممە، ١٣ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پێشوازیی لە پیدرۆ مارتینیز، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و خولیان گارسیا ڤاڵڤێرد، خاوەنی کۆمپانیای کۆنسوڵ ترانسی ئیسپانی کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و هەماهەنگیی زیاتر و بەشداریی کۆمپانیا ئیسپانییەکان لە سێکتەرە جیاوازەکان و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کرا.
پرۆژەی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان تەوەرەیەکی تری دیدارەکە بوو، ئەم پرۆژەیە ئێستا لە قۆناغی کەڵکی ئابووریدایە (feasibility study) و لەلایەن کۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ی ئیسپانییەوە جێبەجێ دەکرێت، لەم ڕووەوە خاوەنی کۆمپانیاکە دڵنیایی دا بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارەکانی قۆناغی کەڵکی ئابووری تەواو دەکەن و ڕاپۆرتی کۆتایی پێشکەشی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی دەکەن، کە ئەوەش قۆناغێکی گرنگی پرۆژەکەیە.
هاوکات هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاری هاوبەش و پرۆژەی گەورەتر بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن.