بەم زووانە پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگای سماقوڵی تەواو دەبێت
![](/media/19604/fb_img_1683581938194.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133281039870000000)
ڕۆژی دووشەممە، ٨ى ئایاری ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگای سماقوڵی و خۆپیشاندەرانی سنوورەکەی بەسەر کردەوە.
لە دیدارێکدا لەگەڵ خۆپیشاندەران، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، "خزمەتکردن بە ئەرکی خۆمان دەزانین و ھاتنیشمان بۆ ئێرە و گوێگرتن لە داواکارییەکانتان لەو سۆنگەیەوەیە."
وەزیر گوتی: لەبارەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە ھەیە جێبەجێی دەکەین، ئەوەی پەیوەندی بە چاککردن و تەواوکردنی ڕێگاکەوە ھەیە، کارکردن بەردەوامە و لە داھاتوویەکی نزیکدا تەواو دەکرێت.
لە بەرانبەردا نوێنەرانی خۆپیشاندەران وێڕای پێشوازی و بەخێرھێنان، سوپاسی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیان کرد کە بەدەم داواکاری خۆپیشاندەرانەوە ھاتووە و سەردانی کردوون، ھاوکات ژمارەیەک داواکاریان خستە بەردەم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.