Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە سلێمانی کردەوە

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە شاری سلێمانی کردەوە. 
 
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە پارێزگاری سلێمانی، بریکاری وەزارەت بۆ نیشتەجێکردن، ڕاوێژکار و سەرپەرشتیاری تاقیگەکان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، و ژمارەیەک لە بازرگانان و وەبەرهێنەران و ئەندازیاران و کۆمپانیاکان ئامادەی بوون، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کردنەوەی ئەم پێشانگایانەی بە گرنگ بۆ لایەنی ئابووری و بوژاندنەوە و پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ناوبرد، هیوای خواست ببێتە ئاڵوگۆڕێکی زۆرباشی ئابووری و کارسازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران. 
 
سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا، دانا عەبدولکەریم ڕایگەیاند: پڕۆسەی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان نەوەستاوە، بەڵکو بەهۆی بارودۆخی داراییەوە سستی تێدایە، بەڵام ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ژمارەیەکی بەرچاو لە پڕۆژەکانمان کارکردن تیایاندا بەردەوامە و کاریان تێدا دەکرێت بەتایبەت لە دروستکردنی ڕێگەوبانەکان. 
 
سەبارەت بە هێڵی شەمەندەفەریش، ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی هەفتەکانی ڕابردودا قۆناغی بەهای ئابووری پڕۆژەکە تەواو کرا کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانییەوە ئەنجامدراوە و جەختی کردەوە "لەداهاتودا دەچینە قۆناغی دیزاینی پڕۆژەکەو ئەم پڕۆژەیەش خەون نیە، هەرێمی کوردستان لە داهاتودا دەبێتە خاوەنی هێڵی شەمەندەفەر". 
 
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی ڕێگەی دەربەندیخان-کەلار، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و ڕێژەی ئەنجامدراو لە ٦٠٪ زیاترە، پێویستە ئەو ڕاستیەش بزانرێت، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١١ەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردن و تا ساڵی ٢٠١٩ ڕێژەی ئەنجامدراو ١٥٪ بوو، بەڵام لە مانگی تەمموزی ٢٠١٩ەوە کە لەم کابینەیەی حکومەت دەستبەکاربووین، سەرەڕای قەیرانەکان ڕێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەکەمان گەیاندوەتە زیاتر لە ٦٠٪".

ھاوکات بۆ داواکارییەکانی هاووڵاتییانیش لە قەزای کفری "ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە هەبوو چەند داواکارییەک بوو کە دوو داواکارییان ڕێگەی دوانزە ئیمام قەرەبڵاغ و ئەوەی تریان دێلێژە سەنگاو بووە، دوای ئاڕاستەکردنی نوسراو، بەڕێز سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوەو لەئایندەیەکی نزیکدا دەیخەینە بواری تەندەرینەوە".