پرۆژەی ڕێگەی "قەڵادزێ-دارەشمانە" دەروازەی کێلێ بە قەڵادزێ دەبەستێتەوە
![](/media/26238/fb_img_1714124650699.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133586243920000000)
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٤، دانا عبدالکریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەردی بناغەی پرۆژەی ڕێگەی (قەڵادزی - دارەشمانە)ـی دانا.
پرۆژەکە پێکهاتووە لە ڕێگەیەک بە درێژیی دە کیلۆمەتر، و بە گوژمەی دوو ملیار و ٨٧٥ ملیۆن و پێنجسەت هەزار دینار، بە ماوەی ٣٠٠ ڕۆژی ڕۆژژمێری جێبەجێ دەکرێت.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، بریکاری وەزارەت بۆ رێگەوبان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و قایمقامی قەڵادزێ و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەت و بەرپرسانی ئیداریی سنورەکە ئامادەی بوون.
پرۆژەی ڕێگەی (قەڵادزێ - دارەشمانە)، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، جگە لەوەی ڕێگەیەکی سەرەکیی هاتوچۆی هاووڵاتییانە لە سنورەکە، هاوکات ڕێگەیەکی بازرگانییە و دەروازەی کێلێ بە قەڵادزێ دەبەستێتەوە، لەڕووی گەشتیاریشەوە سودێکی گەورەی بۆ ناوچەکە دەبێت.