پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگهی دێلێژە - سەنگاو به گوژمهى مليارێك و 100 ملیۆن دینار جێبهجێ دهكرێت
ڕۆژى يهكشهممه ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٤، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە یاوەری ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەت لە سلێمانی و گەرمیان، پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگهی دێلێژە - سەنگاو (ڕێگهی دەربەندی باسەڕە - دەربەندی سوتاو - ژاڵەی دەربەند)ی بەسەر کردەوە.
پرۆژەکە بەشێکە لە جێبەجێکردنی داواکاریی هاووڵاتیيانی سنوورەکە، کە پێکهاتووە لە ڕێگهیەک بە درێژيی ٥ كيلۆمهتر و بڕی مليارێك و ١٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و بە شێوازی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتيی ڕێگهوبانی گەرمیان جێبەجێ دەکرێت، و زياتر له ٢٠%ى پرۆژهكه تهواو بووه.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرد و سەرپەرشتیاران و ئەندازیارانی ڕاسپارد کە بە زووترین کات پرۆژەکە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتیيانەوە. هاوکات بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕێگهوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی ڕاسپارد بەپەلە دەرخستە بۆ چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی چەند ڕێگهیەکی ديكهى سنوورەکە ئامادە بکەن.
پرۆژەی ڕێگهی دێلێژە - سەنگاو، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، كه ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگهی سلێمانی دەبەستێتەوە، لە ڕووی گەشتیاریشەوە هاتوچۆیەکی زۆری هاووڵاتیيانی لەسەرە.