Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نيشته‌جێكردن بەردی بناغەی پرۆژەی ڕێگه‌ی دۆڵی سێوەیس دادەنێت

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ى نيسانى ٢٠٢٥، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، به‌ ئاماده‌بوونى بریکاری وەزیر بۆ ڕێگه‌وبان و بریکاری وەزیر بۆ نیشتەجێکردن و سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەت و قائیمقامی قەڵادزێ و بەرپرسانی حکومی و کەسایەتی و دانیشتووانی ناوچەکە، لە ڕێوڕەسمێکدا، بەردی بناغەی پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگه‌ی (گوندی زورکان - خاڵی پشکنینی گومرگی سێوەیس)ی لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دانا.
لە لێدوانێكدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی پرۆژەکە کرد و ڕایگەیاند؛ ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە وەک قۆناغی یەکەم، دەستپێکێکی باشە بۆ سنوورەکە و خزمەتکردنی هاونیشتمانیيان، پێویستە وەک حکومەت و وەزارەتیش خزمەتی ناوچەکان و هاووڵاتیيان بکەین، ئێمەش ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین.
پرۆژەکە پێکهاتووە لە قیرتاوکردنی ڕێگه‌کە بە درێژيی چوار كيلۆمه‌تر و گوژمەی نزیکەی ٤٧٥ ملیۆن دینار، کە سوودێکی گەورە بە گوندەکانی دۆڵی سێوەیس دەگەیەنێت، جگە لە کاراسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیيان، کاریگەريی بەرچاوی دەبێت لە بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاری.