بەردی بناغەی پرۆژەی پردی تەنگی سەید محەمەد له پارێزگهى ههڵهبجه داندرا

ڕۆژی شەممە ١٥ى ئادارى ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پرۆژەی پردی تەنگی سەید محەمەد له پارێزگهى ههڵهبجه داندرا.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گوتی؛ دانانی بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەو بۆنەیەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنهوێنم. ههروهها ڕایگەیاند؛ ئەم پرۆژەیە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی خەڵکی پارێزگهی هەڵەبجە و دەروازەیەکی ديكه بە ڕووی پارێزگاکە دەکاتەوە بەرەو گەرمیان و ناوچەکانی ديكهى خوارووی عێراق.
دانا عهبدولكهريم ئاماژەی بەوەش کرد كه ئەم پرۆژەیە تەواوکاری پرۆژەکانی ديكهى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە، کە لە ڕابردوودا لە سنووری پارێزگهی هەڵەبجە جێبەجێ کراون، هەر لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە گرنگيی تایبەت بە سنوورەکە دراوە و بە گوژمەی زیاتر لە ٥٦٠ ملیار دینار چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگهکانی سنوورەکە ئەنجام دراوە، هاوکات ساڵی ڕابردووش بەردی بناغەی پرۆژەی پرد و ڕێگهی (تووەقوت) داندرا، کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان.
هاوکات مژدەی بە خەڵکی پارێزگاكه دا کە "لە ئايیندەیەکی نزیکدا پرۆژەی ڕێگهی هەڵەبجە - مەرزی سازان لە ئەنجومەنی وەزیرانهوه ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتيیان، کە تێچووەکەی زیاتر لە ٦٠ ملیار دینارە و درێژییەکەی ٢٢ كيلۆمهتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە دەستکەوتێکی ديكه بۆ پارێزگاکە".
پرۆژەی پردی (تەنگی سەید محەمەد) یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان و گوژمەی نزيكهى ٢٧ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و درێژییەکەی ٦٠٠ مەترە، له ماوەی نزیکەی ٩٠٠ ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.