وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نيشتهجێكردن پێشوازی لە وەفدێکی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکات

ڕۆژی دوشەممە ١٧ى ئادارى ٢٠٢٥، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پێشوازی لە ئیمانوێل سالیناس، نوێنەری تایبەتی نێردەی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئیبراهیم داجانی، بەڕێوەبەری کەرتی ژێرخانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا لە بانکی نێودەوڵەتی و سۆران حەمە تاهیر، نوێنەری ئهو بانكه لە هەرێمى كوردستان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆژەکانی ڕێگهوبان لە هەرێمی کوردستان كرا، لەو چوارچێوەیەدا پلانی وەزارەت لە بواری ڕێگهوبان پێشکەشى بانکی نێودەوڵەتی کرا، لەناویاندا پرۆژەی فراوانکردنی ڕێگهی هەولێر - پردێ، چاککردن و فراوانکردنی ڕێگهی دوکان - تاسڵوجە، فراوانکردنی ڕێگهی گرشین - سحێلا، هاوکات نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنی عێراق لەگەڵ بەستنەوەی بە تۆڕی ئاسنی پێشنیارکراوی هەرێمی کوردستان.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوە کرد: کاری لەپێشینەی وەزارەت پرۆژەکانی ڕێگهوبانە، بۆ ئەوەی ڕێگهگهلێكى سەلامەت بۆ هاووڵاتیيان دابین بکەین.