Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێشوازی لە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان کرد

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ئاداری ٢٠٢٥، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پێشوازی لە کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان و ژمارەیەک لە دانیشتووان و کەسایەتییەکانی سنوورەکە کرد.
لە دیدارێکدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بە پرۆژەکانیان کرد لە سنوورەکە و سەبارەت بە ڕێگەی (هیزۆپ - خەلەکان - دوکان) ڕایگەیاند؛ بە ئامانجی هەرچی زوو تەواوکردنی، گۆڕانکاری لە پرۆژەکە لە وەزارەت تەواو بووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ڕەزامەندی، کە بەپێی گۆڕانکارییەکە لەگەڵ بەردەوامی لە کارکردن لە قۆناغی دووەم، بە خۆشحاڵییەوە قۆناغی سێیەمیش کە بەشێکە لە سێ قۆناغەکەی ڕێگەی دووکان - چوارقوڕنە لە گۆڕانکارییەکەدایە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی.
هەروەک جەختی کردەوە، ئەم پرۆژەیە بایەخ و گرنگی تایبەتی هەیە و بەشێکە لە ڕێگەی سلێمانی - هەولێر، لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەند جارێک سەردانی هاونیشتمانیانمان کردووە و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە
دووسایدی ڕێگەکە تەواو بکەین، کە بەشێکی تەواو کراوە و لە بڕگەکانی دیکەشدا کارکردن تیایدا بەردەوامە.
هاوکات بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان و دانیشتووانی خەلەکان، وێڕای گەیاندنی داواکاری و بەدواداچوون بۆ پرۆژەکانی ناحیەکەیان، سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کرد، لەپای هەوڵ و خەمخۆری بۆ سنوورەکە و بەدەمەوەهاتنی داواکارییەکانیان.