بەردی بناغەی دروستکردنی ڕێگای گوندەکانی ناحیەی ڕزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دانرا

لە ڕێورەسمێکدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جەلال شێخ نووری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەردی بناغەی دروستکردنی ڕێگای گوندەکانی (گۆڕی مسقاڵ-هەوارەقوڵە-کاکەبرا-کونەکۆتر-دوڕیانی ژاڵەی رۆغزایی)، لە ناحیەی ڕزگاری دانا.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە سەردانی بۆ گەرمیان ڕایگەیاند: "هاتووین بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژە دابنێین؛ ئەم پرۆژەیەش خزمەتێکی گەورە بە سنوورەکە دەکات و جگە لە کارئاسانی بۆ هاتوچۆ، لەڕووی گەشتیاری و کشتوکاڵیش سوودی گرنگی دەبێت. هەروەها مژدە بەهاونیشتیمانیانی گەرمیان دەدەین، ژمارەیەک پرۆژەی تر بۆ خزمەتکردنی زیاتری سنورەکە لە تەواوبووندایە و پرۆژەی دیکەش دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە خەڵکی گەرمیان پێویستیی بەخزمەتکردنی زیاترە و ئەرکی ئێمە و حکومەت و وەزارەتەکانە خزمەتییان بکەین.
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە ڕێگایەک بە درێژیی (١٤.٥)کم و بڕی زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.