وه‌زيرى ئاوه‌دانكردنه‌وه و نيشته‌جێكردن: یەکێک لە ئامانجەکانى حكومه‌تى هه‌رێم ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و خزمەتکردنی دانیشتووانەکەیه‌تى

ڕۆژی یەکشەممە ٤ى ئايارى ٢٠٢٥، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، به ئاماده‌بوونى بەڕێوەبەری گشتيی ڕێگه‌وبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی، لە ڕێورەسمێکدا پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگه‌ی گوندی چاڵگەی لە شارۆچكه‌ى قەرەداغ لە پارێزگه‌ی سلێمانی کردەوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن خۆشحاڵيی خۆی به ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه ده‌ربڕى و گوتی؛ هەر لە سەرەتای كابينه‌ى نۆيه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دەستبەکاربوونمان لە وەزارەت، یەکێک لە ئامانجەکانمان ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و خزمەتکردنی دانیشتووانەکەی بووە، تەواوکردنی ئەم ڕێگه‌یەش دەبێتە بەشێکی ديكه لەو پرۆژانەی کە لە سەرجەم ناوچەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان تەواو کراون. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەش کرد كه: لە ماوەکانی ڕابردوودا توانیویانە ڕێگه‌ی ژمارەیەک لە گوندەکانی سنوورەکە قیرتاو بکەن و ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمه‌تى هاووڵاتييان، درێغی ناکەن.