Skip to the content

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا

ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 23/7/2019 مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە رێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرد. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە سەرەتادا دووبارە پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیران کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست و دووپاتی لە گرنگی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەشی بەوەدا کە حکومەتی ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەتایبەتی لە بواری ئەنجامدانی چاکسازی ئابووری. هەروەها خۆشحاڵی خۆشی بەرامبەر سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نیشاندا و گوتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هانی هەردوولا دەدات بۆ ئەوەی لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

سەرۆک وەزیران وێڕای سوپاسکردنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا پێویستە بە شێوەیەک بێت کە ماف وئەرکی هەموو لایەک لەبەرچاو بگیڕێت. هەروەها باس لە گرنگیی بەردەوامبوونی یارمەتییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە کرا .