Skip to the content

روونکردنەوەیەک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – بەداخەوە ماوەیەکە سایتی (بولتن نیوز)ی ئێرانی بەردەوامە لە هۆنینەوەی درۆ و بڵاوکردنەوە بابەتی دڵرەشانە لە دژی هەرێمی کوردستان کە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە. دوا بابەتی هەڵبەستراویشیان شرۆڤەیەکە گوایا ئەمەریکا بە هاوکاری سەرۆک بارزانی و سەرکردە سوننەکان خەریکی دانانی چەند بنکەیەکی سەربازییە لە هەرێمی کوردستان وناوچە سوننیەکان.

ئێمە لە کاتێکدا سەر لەبەری ئەم راپۆرتە هەڵبەستراوە بەدرۆ دەخەینەوە، داوا لە بەرپرسانی سایتی (بولتن نیوز) و ئەوانەی لە پشت پەردەشەوە هەڵیاندەسورێنن دەکەین لەم بارودۆخە سەختەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە سەختی گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە بووە، بابەتەکانیان زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بێت.

عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیار دەدات و پێویستی بەوە نییە خەڵکانێك لە دەرەوەی سنوورەكانی بەپێی ویستی خۆیان ئاراستەی بکەن. بوونی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی فیدرال و ھێزی ھاوپەیمانان بووە. بۆیە چەواشەکارییەکانی ئەم جۆرە سایتانەش تەنیا نیازی ئاژاوەگێری و فیتنەیان لە پشتە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٤/٧