Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران ڕێکخستنەوەی کارەبای نیشتمانیی و بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان تاووتوێ دەکات

• ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا وسزادانی دواکەوتن وسەرپێچی کارەبا، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا کۆتایی ئەمساڵ، بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە.

• ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن بە هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانەی، کە ئامادەن سووتەمەنی بە نرخی گونجاو، هاوردەی هەرێم بکەن، بە مەرجی پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالیتی سووتەمەنی هاوردەکراو و سەلامەتی و تەندروستیی گشتيی هاووڵاتیان.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئۆکتۆبەری 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، کەمال محەمەد وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ ڕێکخستنەوەی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان خستەڕوو، هەروەها باسی لەو پڕۆژانە کرد کە تایبەتن بە هاوبەشيپێکردنی کەرتی تایبەت،لە قۆناغەکانی دابەشکردن وگواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا .
ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کارەبا و وەزارەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کەرتی کارەبا لەم کابینەیە و زیادکردنی دەمژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بەراوورد بە ساڵانی ڕابووردو ، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد کە ئامادەسازیی بکەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە وەرزی سەرما و کۆنتڕۆڵکردنی بەفیڕۆچوونی کارەبای بەرهەمهاتوو ، کارئاسانییەک بۆ هاووڵاتیان لە سەر پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن وسەرپێچی کارەبا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا رێککەوتی 2021/12/31 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە، بڕیارەکەش لە 1ی نۆڤێمبەرەوە 11/1 جێبەجێ دەکرێت.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی ئەو غازەی کە هاوەڵی نەوتی بەرهەمهاتووە لە کێڵگە نەوتییەکان و پێویستە بەکاربهێنرێتەوە وەک سەرچاوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە ، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لە لایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی کە تایبەت بوو بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و ڕێژەی کوتانی هاووڵاتییان بە ڤاکسین، بەتایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان. هەروەها خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا .لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە چاوەڕوانی هەڵکشانێکی دیکەی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان کە شەپۆلی چوارەمە و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتووەوە دەست پێ بکات.
بۆیە ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دەکات و وەزارەتەکانی ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، پابەند بن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان و خۆکوتاندن بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، کە تا ئێستا ڕێژەی کوتانەکە وەک پێویست نیە و دەبێت فەرمانبەران وکارمەندانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ئەمساڵ ، ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خۆیان بدەن و بەستنی ماسکیش لە شوێنە گشتیەکان ئیجباریی دەبێت. داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا کە بەردەوام بن لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاندانی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و خۆپارێزی و سەردانی بنکەکانی لێدانی ڤاکسین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
لە بڕگەی کۆتاییدا ، کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سروشتیەکان، باسی لە دوا هەنگاوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان كرد بۆ چارەسەرکردنی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانەسروشتیەکانی ڕاسپارد، کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ چارەسەری ئەم بابەتە ، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد کە ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن بۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ئامادەن سووتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردەی هەرێم بکەن بە مەرجی پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالیتی سووتەمەنی هاوردەکراو وسەلامەتی و تەندروستیی گشتی هاووڵاتیان.
سەبارەت بە نەوتی سپیش، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و پەلە بکەن لە گەیاندنی نەوتی سپی بە ناوچە شاخاویی و ساردەکان پێش هاتنی سەرمای زستان و پەلەکردن لە دابەشکردنی ئەو نەوتە سپییەی ئێستا لە بەردەستی وەزارەتە و لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە کڕدراوە، ئەمە سەرەڕای هەماهەنگيكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی، هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووریش ڕاسپێردرا، بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست، بۆ پشتیوانی دابینکردنی نەوتی سپی تا بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتیيان.