Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیری پلاندانان کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد، لەلایەن د.دارا ڕەشید ، وەزیری پلاندانان ، و بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەڕە گشتییەکان و ڕاوێژکارانی وەزارەتی ناوبراو پێشوازی لێکرا.

سەرەتا وەزیری پلاندانان بەخێرھاتنی شاندی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، باسی لە پێداویستییەکانی وەزارەتی پلاندانان و پێشخستن و کاری زیاتر لە پێناو ھەبوونی پلانی باشتر و ھەماھەنگی بەردەوام کرد، لە بەرامبەردا سەرۆکی دیوان، داوای لە وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کرد، کە پێویستە دەسەڵاتی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بەکاربھێنن لە پێناو بنبڕکردنی ڕۆتین لە دام و دەزگاکانی حکومەت و خێراترکردنی مامەڵەی ھاووڵاتیان .

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا پێگەیاندنی زیاتری کارمەندانی کاڕگێری و ژمێریاری و چاودێری وردبینیکردن لە دام و دەزگا و فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێم و پرسی سەرژمێری کردن لە ھەرێمی کوردستان جەختی لێکرایەوە.

باس لە گرنگی و ھەبوونی داتا و ئامار و دانانی پلان بە گوێرەی ئامارەکان و پێداویستییەکانیان بۆ بەردەوامی و ئەنجامدانی ڕووپێوەکانی (کشتوکاڵی و بازرگانی و ھێزی کار و ھەژاری ...ھتد)، پشتیوانی دەربڕین بۆ کۆکردنەوەی داتاکان و پرسی باشترکردنی و پێشخستنی کوالیتی کۆنتڕۆل و تەحەددیاتەکانی، ڕاسپاردن بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک بۆ ئەم پرسە و جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژیەکان و تۆکمەترکردن و پڕکردنەوەی پێویستیەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پلانە ستراتیژییەکان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەبوون.