Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ دەکات


سەرۆک وەزیران:
ئەم ڕێککەوتنە دەسکەوتێکی گرنگە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ .

* دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە توانیان ئەم ڕێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن.


ئەمڕۆ چوارشەممە 4/5، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئەنجامی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێککەوتنە، دەسکەوتێکی گرنگە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی کرد بۆ هەوڵ و کاکردنی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.
سەرۆک وەزیران هەروەها دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە توانیان ئەم ڕێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆک وەزیران ڕوونیشی کردەوە کە دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکومەتی فیدرال، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بڕی، هەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت هەناردە بکات و ڕێکارەکانی هەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ، حکومەتی هەرێم نەوتی هەناردە کرد.
سەرۆک وەزیران هیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، پوختەیەکيان دەربارەی ئامانج و پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی پڕۆژە یاسای ( وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.
ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاکسازیکردنە لە سیستەمی تەندروستی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی کارکردن لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕەچاوکردنی مافی نەخۆش .
دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و سەرنج لە سەرپڕۆژە یاساکە ، بڕیاردرا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تێبینی و سەرنجەکان و بە ئاراستەی زیاتری دەوڵەمەندکردنی پڕۆژە یاساکە، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکرێت.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی بەرزی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕ سەرەڕای دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی و چۆنیەتی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی گرانی نرخ لە بازاڕەکاندا.
لەمبارەیەوە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پەیوەندیدارەکان، ڕوونکردنەوە و زانیاری و ڕاسپاردەی پێویستیان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و نرخی کاڵاکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لە سەر گوزەرانی هاووڵاتییان خستەڕوو.