Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری ئەنجومەنی وەزیران لە حکومەتی ئیمارات دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ نیسانی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە عەبدوللا ناسر، یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری ئەنجومەنی وەزیران لە حکومەتی ئیمارات و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئەحمەد ئیبراھیم ئەلزاھری، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لەھەرێم ئامادەی بوو، وێرای بەخێرھێنانی شاندی میوان ، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیمارات کرا و بەردەوامی پەیوەندی و ھەماھەنگی نێوان ھەردوولا بە گرنگ زانرا.

ھەر لە دیدارەکەدا باس لە کار و ئامانجی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە کرا ، جێی باسە ئەزموونی وڵاتی ئیمارات و بیروڕا لەبارەی سوودوەرگرتنی وڵاتان لە ئەزموونی یەکتر ئاڵوگۆڕ کران، شاندی میوان ئامادەیی وڵاتەکەیان نیشاندا بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی گشت سێکتەرەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم و دوایین ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ بە ئەلیکترۆنکردنی سیستەمی حکومەتی ھەرێم و بەرەوپێش بردنی لە گشت سێکتەرەکاندا کرا، ھەروەھا چەند پرسێکی تری جێی بایەخی ھاوبەش تاووتوێ کران.