Skip to the content

لە مەودوا هاووڵاتیان دەتوانن بە ئەلیکتڕۆنی سکاڵا تۆمار بکەن

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کردنەوە و خستنەکاری سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردنی سکاڵای هاووڵاتییانی ڕاگەیاند.

د.ئومێد سەباح، ڕایگەیاند:"ئەو پڕۆژەیە بیرۆکەی ڕێزدار مەسرور بارزانیە و لەسەر ڕاسپاردەی جەنابیان پڕۆژەکە ئەنجامدراوە، ئەوەش هەنگاوێکی دیکەی بە ئەلیکترۆنی کردنی حکومەتە بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و زیاتر نزیک بوونەوەی هاووڵاتیی و دامەزراوەکان لە یەکتری، د. ئومێد سەباح ئەوەشی گوت، کە لەمەودوا هاووڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەتوانن سکاڵاکانیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بگەیێننە لایەنی پەیوەندیدار. هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەکنەڵۆجیای زانیاری و فەرمانگەی یاسایی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران کرد، بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان بۆ دامەزراندنی ئەم سیستەمە، دواتر وەک تاقیکردنەوە بە شێوەی کرداری سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوەکانی تۆمارکردنی سکاڵای جێبەجێ کرد.
لەلای خۆشیانەوە، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی سوپاسی سەرۆکی دیوانیان کرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ سەرخستن و باشتر بەرێوەچوونی کارەکانیان.
بەجێگەیاندنی ئەو پڕۆژەشیان بە جێبەجێکردنی دروشمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانا، کە هاووڵاتییان چەقی گرنگیدانی حکومەتن.