Skip to the content

شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی زیاتر

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ تەممووزی ٢٠٢٣، لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە شاری بەغدا، شاندی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، درێژەیان بە کۆبوونەوەکان دا.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرچاوڕوونیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەلایەن شاندی هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو.

لەو میانەدا جەخت لە دابینکردن و ناردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی و پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

شاندی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەبوونی تێبینییان لەسەر نادەستووریبوونی چەند ماددەیەک، بەڵام ئامادەیی تەواوی خۆیان بە پابەندبوونیان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجە دەربڕی و حکومەتی فیدراڵییش لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاستی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کردەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا بە واژووکردنی دوو کۆنووس و تێڕوانین و لێکتێگەیشتنەکان کە لە ئەنجامی دواگفتوگۆکان هاتوونەتە ئاراوە، گەیشتنە ئەنجام و بڕیار وایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا درێژە بە گفتوگۆکانی بداتەوه.

شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا، جەختیان لە وردبینیکردن بۆ بەهێزتربوون و شەفافیەتی پرۆسەکە کردەوە کە دیوانی چاودێریی داراییی عێراق و دیوانی چاودێریی داراییی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی داهاتوودا کار لەسەر وردبینیکردن لەو پرسانە بکەن کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتوون.